ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە لە هەڵمەتێکی نیشتمانیدا بڕی 1 ملیار و 700 ملیۆن دیناری عێراقی بۆ هاوکاری خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆکراوەتەوە. ئەم بڕە پارەیە لە چەندین دراوی جیاواز پێکهاتووە وەک دۆلار، یۆرۆ، پاوەند و لیرەی سوری کە سەرجەمیان گۆڕدراون بۆ دیناری عێراقی.
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێم هەمیشە پاڵپشتی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەکات لە هەموو پارچەکان و ڕێز لە هەر پڕۆژە و بڕیارێکی نێودەوڵەتی دەگرێت کە ببێتە هۆی پاراستنی گەلی کورد، لەوانەش پڕۆژەکەی سێناتۆر لیندسی گراهام و بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایش.
خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر جۆرە گردبوونەوە و خۆپیشاندانێک دەبێت بەپێی ڕێکارە یاساییەکان بێت و حکومەت ڕێگری لە هیچ چالاکییەکی مەدەنی ناکات کە خزمەت بە دۆزی کورد بکات، بەڵام پێویستە هەمووان پابەندی یاسا بن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم.
لەکۆتاییدا، پارێزگار سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە بەشدارییان لەم هەڵمەتە مرۆییەدا کردووە و دووپاتی کردەوە کە هاوکارییەکان بەزووترین کات دەگەیەنرێنە دەست لێقەوماوان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.