ئەمڕۆ هەینی رێككەوتنێكی نوێ لەنێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و حكوومەتی سووریا بۆ ئاگربەست و و راگرتنی شەڕ راگەیەنرا.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی بڵاو كردووەتەوە و رایگەیاندووە: بەگوێرەی رێككەوتنەكە هێزە سەربازییەكانی هەردوولا لە سەنگەرەكانی پێشەوە دەكشێنرێنەوە، لە هەردوو شارەكانی حەسەكە و قامیشلۆ هێزە ئەمنییەكانی وەزارەتی ناوخۆ جێگیر دەكرێن.
هەسەدە خاڵێكی دیكەی رێككەوتنەكەی بڵاوكردۆتەوە كە بریتییە لە: فیرقەیەكی سەربازی كە سێ لیوا لەخۆدەگرێت بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات دروست دەكرێن و دەخرێنە نێو هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەكەدا، بەهەمانشێوە لە كۆبانێش فیرقەیەك بۆ هێزەكانی ئەوێ دروست دەكرێت و دەخرێتە سەر پارێزگای حەلەب.
لە رێككەوتنەكەدا هەروەها هاتووە كە راستەوخۆ و بەشێوەی كرداری دەست دەكرێت بە تێكەڵكردنەوەی هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەكەدا.
خاڵێكی دیكەی رێككەوتنەكە بریتییە لە: دامودەزگا و فەرمانبەرانی ئیدارەی خۆسەر بەفەرمی دەخرێنە نێو دامودەزگاكانی حكوومەتی سووریاوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكەی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە خاڵێكی دیكەی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ حكوومەتی سووریا بریتییە لە دەستەبەركردنی سەرجەم مافە مەدەنییەكان و خوێندن و فێربوون بۆ گەلی كورد لە سووریادا، هەروەها گەرەنتیكردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.