پارێزگای مێردین لە باکووری کوردستان هەموو جۆرە چالاکییەک قەدەغە دەکات، ئەوەش بۆ ڕێگریکردن لە ناڕەزایەتییەکان دژی هێرشی سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
پارێزگاری مێردین لە باکووری کوردستان (تورکیا)، کە دەکەوێتە سەر سنووری ڕۆژئاوای کوردستان، بڕیاری دا بۆ ماوەی شەش ڕۆژ هەموو جۆرە خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەک لە شارەکەدا قەدەغە بکات.
ئەم بڕیارە دوای ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە دێت کە بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی کاتیی سووریا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان دروست بووە، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن وەزارەتی بەرگریی سووریاوە لە شەممەی ڕابردووەوە.
لە بەیاننامەی پارێزگای مێردیندا هاتووە: "بەدەر لەو چالاکییانەی بە گونجاو دەزانرێن، هەر جۆرە چالاکییەک لە شوێنە گشتییەکان قەدەغەیە"، کە بریتین لە گردبوونەوە، خۆپیشاندان، کۆنفرانس، مانگرتن لە خواردن، خێمەهەڵدان، بڵاوکردنەوەی نامیلکە و هەڵواسینی پۆستەر.
پێشتر پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) داوای کردبوو ئەمڕۆ سێشەممە لە ناوچەی (نوسەیبین) کە هاوسنوورە لەگەڵ قامیشلۆ، خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت.
جێگەی ئاماژەیە، پێشتریش دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ڕۆژی هەینی تا ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، هەموو جۆرە گردبوونەوەیەکیان لە شاری دیاربەکر قەدەغە کردبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.