دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF) نوێترین ئاماری چالاکییە مرۆییەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاو کردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە گەیاندنی هاوکاریی بەکۆمەڵ بۆ شارەکانی (قامیشلۆ، عامودێ، گرکێلەکێ، دێریک، تربەسپی و دەرباسیە) دەکات.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژی سێشەممە 27ـی کانوونی دووەمی 2026، بڵاوکراوەتەوە، دەزگاکە لە ڕێگەی 165 بارهەڵگرەوە هاوکاریی جۆراوجۆری گەیاندووەتە ناوچەکە. لەو پرۆسەیەشدا 115 کارمەندی دەزگاکە لە چوارچێوەی 12 تیمی جیاوازدا ڕۆژانە سەرقاڵی دابەشکردنی هاوکارییەکانن.
کەرتی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان
تا ئێستا 9,180 خێزان کە پێکهاتوون لە 57,955 کەس، لە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوودمەند بوون. هاوکارییەکان 22 جۆر ماددەی جیاوازی وەک (خۆراک، دۆشەک، بەتانی و پێداویستی تر)یان لەخۆگرتووە، کە بەسەر 82 قوتابخانەدا دابەش کراون.
لە ڕووی دابینکردنی ژەمی خواردنەوە، تا ئێستا 9,330 ژەمە خواردنی گەرم لە 15 قوتابخانە و 3 مزگەوت دابەش کراوە. دەزگاکە ڕایگەیاندووە کە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و پلانیان هەیە ڕۆژانە 3,000 ژەمە خواردن دابەش بکەن.
سووتەمەنی و وزە
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرما و دابینکردنی پێداویستیی ناوەندە خزمەتگوزارییەکان، دەزگاکە بڕی 145,177 لیتر گازوایلی بەسەر 108 قوتابخانە و 8 مزگەوتدا دابەش کردووە.
کەرتی تەندروستی و هەلی کار
تیمە تەندروستییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تیمە خۆبەخشەکان، چارەسەری پزیشکییان بۆ 2,749 کەس لە ناو 34 قوتابخانەدا ئەنجام داوە. هاوکات، جگە لە کارە مرۆییەکان، دەزگاکە توانیویەتی هەلی کار بۆ 289 کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە دابین بکات.
ئەم ئامارانە تا کاتژمێر 10:00ی بەیانیی ڕێکەوتی 27ـی کانوونی دووەمی 2026 کۆکراونەتەوە و کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.