دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەرەڕای گرژییە سەربازییەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئارەزووی دۆزینەوەی ڕێگەی دیپلۆماسی دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ واشنتن.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"، ترەمپ ئاشکرای کرد کە دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات "لە گۆڕاندایە" و وتی: "ئەوان دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن. من ئەمە دەزانم، چونکە چەندین جار پەیوەندییان پێوە کردووین و دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن."
ئامادەکاریی سەربازی و گەیشتنی ناوی "ئەبراهام لینکۆڵن"
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە هاوکات فشاری سەربازیی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران گەیشتووەتە لوتکە. ڕۆژی دووشەممە 26ی 1ی 2026، ناوی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" بە فەرمی گەیشتە سنووری فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ترەمپ لەبارەی ئەم جووڵە سەربازییەوە وتی: "ئێمە ناوگەلێکی زەبەلاحمان بەرەو ئەو ناوچەیە ناردووە کە زۆر گەورەترە لەوەی لە دەوروبەری ڤەنزوێلا جێگیرمان کردبوو. ڕەنگە ناچار نەبین بەکاری بهێنین، دەبێت ببینین چی ڕوودەدات."
فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن کە بە وزەی ئەتۆمی کار دەکات، دەیان فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو و هەزاران سەربازی لەسەرە و لەلایەن چەندین ناوشکێن و ژێردەریاییەوە دەپارێزرێت.
کاردانەوەی تاران: ئامادەی وەڵامدانەوەین
لە بەرامبەر ئەم فشارانەدا، تاران هەڵوێستێکی توندی نواند. ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕۆژی 26ی 1ی 2026 ڕایگەیاند وڵاتەکەی متمانەی بە تواناکانی خۆی هەیە و ئەزموونی جەنگی 12 ڕۆژەی مانگی 6ی ساڵی ڕابردووی لەبەرچاوە بەقایی وتی: "ناردنی ناوی جەنگی بۆ ناوچەکە، بچووکترین درز ناخاتە ئیرادەی ئێران بۆ بەرگری لە خۆی و وڵامێکی پەشیمانکەرەوەمان دەبێت."
هاوکات گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران هۆشدارییان داوە لە ئەگەری هەر هێرشێک بێدەنگ نابن. نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، ڕۆژی دووشەممە 26ی 1ی 2026 ڕایگەیاند: "ئێمە پابەندین بە بەرگریکردن لە ئێران و خۆمان شێوازی وەڵامدانەوەکە دیاری دەکەین." هەروەها حوسییەکانی یەمەنیش پشتگیریی خۆیان بۆ تاران دووپات کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.