سەرۆک وەزیرانی عێراق رێنمایی دایە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە پڕۆژەیاسایەک بۆ هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا ئامادە بكەن، جەختیشی كردەوە كە چەكی بێ مۆڵەت مەترسیدارترین هەڕەشەیە لەسەر دەوڵەت .
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی ئاب، عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیران عێراق لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رێنمایی كردن بە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەک بۆ هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا. عەلی زەیدی جەختی کردەوە کە مەترسیدارترین هەڕەشە لەسەر دەوڵەت چەکی كۆنتڕۆڵ نەكراوە، چونکە دەسەڵاتی دادوەری تێک دەدات و شکۆی دامەزراوە ئەمنییەکان لاواز دەکات.
سەرۆک وەزیران هەر لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بە گرنگیی بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان کرد، لەگەڵ پەرەپێدانی تواناکانی دامەزراوەی سەربازی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوخۆیی، کە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سەقامگیریی ئابووری و سیاسی و ئەمنی و پاراستنی سەلامەتیی عێراق و گەلەکەی.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشی لە پێویستی هەماهەنگی لەنێوان حکوومەت و پەرلەمان کردەوە بۆ تێپەڕاندنی یاسا پێویستەکان و دابینکردنی چەتری یاسایی بۆ پلانەکانی گەشەپێدانی حکوومەت. داوای کرد کۆبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجام بدرێت بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسییە گرنگەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.