Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 22:52

زەڵمای خەلیلزاد هۆشداری لە گەشەکردنەوەی داعش دەدات و داوای ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکات

کوردستان TV
100%

زەڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق، لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، هۆشدارییەکی توندی سەبارەت بە سەرهەڵدانەوە و گەشەکردنی گرووپی تیرۆریستی داعش لە سووریا بڵاو کردەوە و چەند پێشنیارێکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە خستە ڕوو.

خەلیلزاد ئاماژەی بە ڕاپۆرتێکی "حەمید شەتر" سەرۆکی هەواڵگریی عێراق کردووە و بە "نالەبار" وەسفی کردووە. جەختیشی کردووەتەوە بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بووەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەوەی داعش جارێکی دیکە هێز کۆبکاتەوە و گەشە بکات.

باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا بۆ ڕێگری لەم هەڕەشە ئەمنییە، سێ هەنگاوی بەپەلەی پێشنیار کردووە:

١- ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەسەدە و دیمەشق: خەلیلزاد داوا دەکات حکومەتی سووریا و هەسەدە هان بدرێن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، چونکە بە بڕوای ئەو، گرژیی نێوان ئەو دوو هێزە تەنها خزمەت بە ناسەقامگیریی ناوچەکە و بەهێزکردنی داعش دەکات.

٢- چاکسازی لە دامەزراوە ئەمنییەکان: خەلیلزاد جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە هێزە ئەمنییە جیاوازەکانی سووریا چاکسازییان تێدا بکرێت و یەک بخرێنەوە، بۆ ئەوەی وڵاتەکە ببێتە خاوەنی دەزگایەکی ئەمنی مۆدێرن و بەهێز کە توانای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری هەبێت.

٣- هەماهەنگیی عێراق و سووریا: خەلیلزاد داوا دەکات ئاستی هاوکاری و سەرپەرشتیارییەکان بۆ هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و سووریا زیاد بکرێت، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و وشککردنی سەرچاوەکانی تیرۆر.

ئەم پەیامەی خەلیلزاد لە کاتێکدایە کە ناوە ناوە ناوچەکانی سووریا و سنوورەکانی عێراق دەبنە گۆڕەپانی هێرشی شانە نوستووەکانی داعش، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دروست کردووە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.