Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 16:14

وەزارەتی كارەبا: هەڵمەتێكی فراوانمان بۆ نەهێشتنی سەرپێچی سەر تۆڕەكانی كارەبا دەستپێكردووە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی کارەبا ئاشكرای دەكات، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ نەهێشتنی سەرپێچیکردن و ڕاکێشانی کارەبای نایاسایی لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەست پێ کردووە، جەختیش دەكاتەوە كە هەر ماڵێك سەرپێچی بكات بە چوار ملیۆن دینار سزا دەدرێت.

وەزارەتی كارەبا رایدەگەیەنێت: ڕاکێشانی هێڵ لە تۆڕی کارەبای گشتی بە نایاسایی یان دەستکاریکردنی پێوەرەکانی کارەبا بە سەرپێچیکردن هەژمار دەکرێت، هەر هاوبەشێکی ماڵان سەرپێچی بکات چوار ملیۆن دینار سزا دەدرێت، سزاکەش بەرزتر دەبێتەوە بۆ هاوبەشانی بازرگانی بۆ 50 ملیۆن دینار، هەروەها دەبێت پارەی سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بدەن کە بە نایاسایی بەکاریان هێناوە و ڕەوانەی دادگا دەکرێن و لەوانەیە دووچاری پچڕانی هەمیشەیی کارەبا ببنەوە.

وەزارەتی كارەبا ئاماژە بەوەش دەكات: لە کاتی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، سەرپێچیکردن فشارێکی زۆری خستووەتە سەر تۆڕی کارەبا و کاریگەرییەکی خراپی بەسەر دابەشکردن بە دادپەروەری کردوووە. جەختیشی كردەوە كە وەزارەتی کارەبا ڕێوشوێنی توند بەرامبەر هەر ساختەکاریێک لە تۆڕی کارەبادا دەگرێتەبەر.

هەروەها رایدەگەیەنێت: هەرچەندە پڕۆژەی ڕووناکی لە بەرەوپێشچوونێکی زۆر باشدایە و کارەبای 24 کاتژمێری بە زیاتر لە 70% هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، بەڵام بەکارهێنانی نایاسایی و نەدانی پارەی پسوولەکان فشارییان لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی دروستکردووە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دابینکردنی کارەبا دروست کردووە.

لە كۆتاییدا وەزارەتی كارەبا ئاماژە بەوە دەكات: ئەم ڕێوشوێنانە بۆ پاراستنی تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانییە و دڵنیابوونەوەیە لەوەی کارەبای 24 کاتژمێری لە کۆتایی ئەمساڵدا بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.