وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵیادی ئازادكردنی شاری كۆبانێی لە رۆژئاوای كوردستان پیرۆز كرد كە 11 ساڵ بەر لە ئێستا هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان داستانێكی بێ وێنەیان بەرامبەر تیرۆریستانی داعش لەو شارەدا تۆمار كرد.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەینراوێكدا بڵاوی كردەوە "لە یازدەهەمین ساڵڕۆژی ڕزگارکردنی کۆبانێدا، سڵاو بۆ پێشمەرگە و شەڕڤانە قارەمانەکان دەنێرین کە شان بە شانی یەکتر لە بەرەنگاربوونەوەیەکی ئەفسانەییدا دژی تیرۆریستانی داعش جەنگان و بە گیانی خۆیان و بەرخودانێکی بێوێنە توانیان کۆبانێ لە دەستی دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی ئازاد بکەن".
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویشی كردەوە "سەرکەوتنی کۆبانێ سەرکەوتنی گیانی بەرگری و مرۆڤانە بوو بەسەر دڕندەیی تیرۆستانی داعشدا".
سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای شاری كۆبانێ كە لەلایەن چەكدارانی سەر بە دیمەشق گەماڕۆ دراوە و هێرشی دەكرێتە سەر، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند "بەهەمان روحیەتی بەرخودان و بەرگری، هەرگیز کۆبانێ ناکەوێ و ئیرادەی سەرکەوتن بەردەوام دەبێت".
ئەمڕۆ 26ی کانوونی دووەم، 11 ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی شاری کۆبانێ لەلایەن پێشمەرگە و شەڕڤانان تێدەپەڕێت كە لە ساڵی 2015 دوای چەندین مانگ شەڕی سەخت لەو شارەدا، دواجار داعش دەرکرا و شارەکە ئازاد کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.