Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 20:52

ڤایرۆسێكی هاوشێوەی كۆڕۆنا بڵاوبووەتەوە.. لە وڵاتێك سەدان كەس كەرەنتین كران

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەممە لە بەشێك لە فڕۆكەخانەكانی كیشوەری ئاسیا پشكنینەكان توندتر كران دوای بڵابوونەوەی ڤایرۆسێكی مەترسیداری هاوشێوەی كۆڤید 19 بەناوی (نیپا)، بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە ئێستا دەیان كەس لە نەخۆشخانەكان كەرەنتین كراون.

لە چەند كاتژمێری رابردوودا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ویلایەتی پەنگالی رۆژئاوا پشكنینی پزیشك و پەرستارێك لەگەڵ فەرمانبەرێكی دیكە بڵاوكرایەوە كە هەرسێكیان تووشی ڤایرۆسەكە بوون، پێشتریش تووشبوونی دوو پەرستاری دیكە بە ڤایرۆسەكە پشتڕاستكرابووەوە.

ڤایرۆسی (نیپا) یەكێكە لە ڤایرۆسە مەترسیدارەكان و هاوشێوەی ڤایرۆسی كۆڤید 19 سەرچاوەكەی لە ئاژەڵان بەتایبەتیش لە بەراز و شەمشەمەكوێرەی تووشبووەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لەنێوان مرۆڤەكانیش دەگوازرێتەوە.

ئەو وڵاتانەی پشكنین و چاودێرییەكانیان توندتر كردووە بریتین لە تایلاند، تایوان، نیپال و وڵاتانی دیكەی دەوروبەریان، ئەمە دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجەم حاڵەتی تووشبوو پشتڕاست كرایەوە.

ویلایەتی پەنگالی رۆژئاوا ئێستا زیاتر لە 100 كەسی لە نەخۆشخانەكە كەرەنتین كردووە و پشكنینیان بۆ كراوە تا دڵنیا ببنەوە هەڵگری ڤایرۆسەكە نین.

نیشانەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی (نیپا) تاڕادەیەكی زۆر لە پەتای كۆڕۆنا دەچێت كە بریتین لە تا، سەرئێشە، ئازاری ماسولكەكان، رشانەوە، ئازاری قورگ، گێژبوون یان خەواڵوویی، لەدەستدانی هەستی تام و بۆن و هەوكردنی سییەكان و دروستبوونی كێشە لە هەناسەدان.  

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.