مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەیامێکی فەرمیدا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆک مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، بە هۆی ئەو ڕۆڵە کاریگەر و هەوڵە سیاسییانەی کە بۆ لێکنزیکبوونەوەی هەسەدە و حکومەتی سوریا دەیگێڕن.
عەبدی لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بە "پێزانینی گەورەوە" دەڕواننە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەم قۆناغە هەستیارەدا. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دەسپێشخەرییانە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ نێوەندگیری ئەمریکی ئەنجام دەدرێن، کۆڵەکەی سەرەکین بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی کە دەبنە هۆی سەرکەوتنی پڕۆسەی ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە کە ئەم ڕۆڵە نێوەندگیرییەی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، جێگەی ڕێز و تەقدیری زۆری ئەوانە. وتیشی: "هەڵوێستی سەرکردایەتی و گەلی هەرێمی کوردستان، جێگەی بایەخ و ڕێزێکی بێپایانە لای گەلی ئێمە."
ئەم لێدوانەی مەزڵووم عەبدی دوای ئەوە دێت کە هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی گرنگی نێوەندگیریی سیاسی، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ ڕێککەوتنی سیاسی لە ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.