Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 11:21

حەماس چەکدانانی ڕەت کردەوە و جەخت لە کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل دەکاتەوە

کوردستان TV
100%


بزووتنەوەی حەماس بە فەرمی داواکارییەکانی بۆ داماڵینی چەک ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند، سەرەڕای پابەندبوونیان بە ئاگربەست، بەڵام بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری چەک نابن.

حەماس ئاماژەی بەوە کردووە تەنها لە حاڵەتێکدا ئامادەن هەنگاو بەرەو ڕێککەوتنەکان بنێن کە سوپای ئیسرائیل بە تەواوەتی لە غەززە بکشێتەوە، هەموو دەروازە سنوورییەکان بکرێنەوە و پڕۆسەیەکی گشتگیر بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەست پێ بکات.

حەماس لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە کە "چەکی بەرگری" هێڵی سوورە و بڕیاری لەسەر نادرێت. هەروەها داوای لە بەشداربووانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە "داڤۆس" کرد لەبری هەڕەشەکردن، سەرنجی خۆیان بخەنە سەر ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ کشانەوە لە غەززە.

حازم قاسم، وتەبێژی حەماس، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنقەست دەسپێشخەرییەکانی ئاشتی شکست پێ دەهێنێت. ناوبراو وتی: "چەکی بەرگری لە بنەڕەتدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری و بەرگریکردن لە خاک و پیرۆزییەکانمان دروست کراوە." ئەم هەڵوێستەی حەماس وەک وڵامێکی توند و ڕاستەوخۆ دەبینرێت بۆ مەرجەکەی ئیسرائیل کە داوای بێچەککردنی باڵە سەربازییەکانی حەماس دەکات وەک پێشمەرجێک بۆ قۆناغەکانی داهاتووی ئاگربەست.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە کاتی ڕاگەیاندنی دەستبەکاربوونی "شاندی ئاشتی"، جەختی لە پێویستی "بێچەککردنی" غەززە کردەوە. ترەمپ وتی ئەمریکا لەم ڕێگەیەوە سەرکەوتوو دەبێت و غەززە "بە جوانی ئاوەدان دەکرێتەوە." ترەمپ داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە ببنە ئەندامی ئەم شاندە، بەو مەرجەی هەر وڵاتێک بڕی یەک ملیار دۆلار بۆ دابینکردنی دارایی شاندەکە تەرخان بکات.

سەرەڕای ئەم هەوڵانە، ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کاتی وتارەکەی ترەمپدا، نوێنەرانی هێزە زلهێزەکان، ئیسرائیل و دەسەڵاتی فەڵەستینی ئامادە نەبوون، ئەمەش نیشانەی بوونی ئاستەنگی گەورەیە لەبەردەم پڕۆژەکەدا.

هاوکات لەگەڵ ئەم ململانێ سیاسییانە، میدیاکانی فەلەستین ڕایانگەیاندووە سوپای ئیسرائیل لە ناوچە جیاجیاکانی غەززە دەستی کردووە بە ڕووخاندنی تەلاری نیشتەجێبوون و فراوانکردنی ناوچەی سەربازیی ناسراو بە "ناوچەی زەرد" لە ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززە، ئەمەش نیگەرانییەکانی لایەنی فەڵەستینی لەبارەی مانەوەی درێژخایەنی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەدا زیاتر کردووە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.