سیناتۆر لیندزی گراهام، ئەندامی دیاری پارتی کۆماری لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا (سینات)، ڕایگەیاند بایەخپێدانێکی بەهێز و بەرفراوان لەنێوان هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتدا دروست بووە سەبارەت بە تێکچوونی بارودۆخی سووریا و پێویستیی پاراستنی کوردەکان.
گراهام لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، لە ناو سیناتی ئەمریکادا کۆدەنگییەکی تەواو هەیە لەسەر ئەوەی دەبێت واشنتن پارێزگاری لە کوردەکان بکات. ئەو وتی: "پێویستە پارێزگاری لە کوردەکان و گروپەکانی تر بکەین، چونکە ئەوان لە کاتی تێکشکاندنی خەلافەتی داعشدا لەگەڵمان بوون و هاوکارییان کردین."
ئەو سیناتۆرە کاریگەرەی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی لایەنەکان کرد و جەختی کردەوە کە دەسەڵاتەکانی سینات بۆ دەستوەردان و گۆڕینی هاوسەنگییەکان "ڕاستەقینە و کاریگەرن".
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا نووسیویەتی: "چاوەڕوان بن (Stay tuned)"، کە ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دەرکردنی بڕیار یان یاسای نوێ لەلایەن کۆنگرێسەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبینرێت.
ئەم لێدوانانەی گراهام لە کاتێکدایە کە بارودۆخی سیاسی و سەربازیی سووریا بە گۆڕانکارییەکی خێرادا تێدەپەڕێت و نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی چارەنووسی کورد و پێکهاتەکان لەو وڵاتەدا ڕوو لە زیادبوونە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.