برێت مەکگۆرک، دیپلۆماتکاری ناسراوی ئەمریکی و شارەزا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پەیامێکی نوێدا هۆشداریی دا لە تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و جەختی لە پێگەی گرنگی کورد وەک هاوبەشێکی سەرەکیی جیهان کردەوە.
مەکگۆرک لە نووسینێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، بارودۆخی ئێستای باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا "جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە" و پێویستە ئاگربەست وەک خۆی بپارێزرێت و جێگیر بێت. ناوبراو هۆشداریی دا لەوەی کە هەر جۆرە تێکچوونێکی ئەمنی -بە تایبەت لەو شوێنانەی چەکدارانی داعشی تێدا دەستبەسەر کراون- مەترسی و لێکەوتەی نێودەوڵەتیی لێ دەکەوێتەوە.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، مەکگۆرک ستایشی ڕۆڵی کوردانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کرد و بە "هاوبەشی جێگیر و بەوەفا" ناوی بردن. مەکگۆرک وتی: "دەبێت بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ کوردان بکرێت کە هاوبەشی ڕاستەقینەن، چونکە جیهان بەهۆی ئەوانەوە ئێستا زۆر ئارامتر و پارێزراوترە."
ئەم لێدوانانەی مەکگۆرک، کە پێشتر وەک نوێنەری سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەی داعش کاری کردووە، لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی گروپە توندڕەوەکان و تێکچوونی زیندانەکانی داعش لە ئارادایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.