ئەمڕۆ پێنجشەممە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی فەڕەنسا، جەختی کردەوە کە ئاوێتەبوونی سیاسی، کارگێڕی، سەربازی و ئابووریی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئامانجێکە فەڕەنسا هەوڵی بۆ دەدات و پشتگیریی دەکات، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمە بە هێز و بە پشتگوێخستنی سەلامەتیی دانیشتووانی مەدەنی لە کۆبانی یان حەسەکە بەدی نایەت و هێشتا ئاگربەستەکە زۆر ناسکە و پێویستە لە هەر پەرەسەندنێکی نوێی گرژییەکان دوور بکەوینەوە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە یەکەم ڕۆژی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، و بەپێی پابەندبوونی نەگۆڕمان لە ساڵی 2011ـەوە، فەڕەنسا پشتگیریی دەسەڵاتدارانی سووریای کردووە لە بنیاتنانی سووریایەکی یەکگرتووی خاوەن سەروەری کە ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکانمان، بەتایبەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."
هەروەها دەڵێت: "وەک بەردەوامیی ئاڵوگۆڕ و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی فەڕەنسا، سەرۆک کۆمار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گفتوگۆی نوێی لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، هەروەها لەگەڵ فەرماندە مەزڵووم عەبدی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئەنجامدا، کە سوپاسی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ هەوڵەکانی لە نێوەندگیریدا، بە مەبەستی هەماهەنگیکردنی هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی تەواوی ناوچەکە و ئاسایشی ئەوروپییەکان و ئەمریکییەکاندا بێت.
نووسینگەکە ڕوونیکردەوە کە ئەم چارەسەرە پێویستی بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم هەیە لەسەر بنەمایەک کە یەکپارچەیی سووریا و ڕێزگرتن لە هەموو پێکهاتەکانی، بەتایبەتی دانیشتووانە کوردەکەی، مسۆگەر بکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: "ئەم چارەسەرە لە ڕووی ئەمنییەوە پێویستی بە هەماهەنگی لە ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و گواستنەوەی ڕێکخراوی بنکەکانی دەستبەسەرکردن، پێکدادانەکانی ئەم دواییە و هێرشی بەردەوام بۆ سەر هەسەدە و ئەو کاریگەرییانەی کە لەسەر کۆنترۆڵکردنی بنکەکانی دەستبەسەرکردنی تیرۆریستان دروستیان کردووە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ زیانیان بەم ئامانجانە گەیاندووە ."
نووسینگەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "فەڕەنسا شانبەشانی هێزەکانی سووریای دیموکرات شەڕی داعشی کردووە و سەرۆک کۆمار ستایشی پابەندی و ئازایەتیی ئەوان لەم شەڕەدا دەکات، و نابێت گومان لەم هەوڵانە بکرێت."
هەروەها ڕایگەیاندووە کە "سووریا ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی (عەزمی پۆڵایین)ـە و دەبێت شانبەشانی هەموو ئەو هاوپەیمانانەی کە ئارەزوو دەکەن، پابەند بێت بە بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش لەگەڵ ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانمان کە هاوکات بەرژەوەندیی ناوچەکە و باقی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.