Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 18:58

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق: سەرجەم ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریاوە دەگوازرێنەوە لە عێراق دادگایی دەکرێن

کوردستان TV
100%

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق و یاسا سزاییە کارپێکراوەکان، دەست دەکرێت بە ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر بەو تیرۆریستانەی ڕێکخراوی داعش کە لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وە بۆ عێراق دەگوازرێنەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەم، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند: لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی کۆماری عەرەبی سووریا و گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش، دادگاکانی عێراق دەست دەکەن بە گرتنەبەری ڕێکارە بنەڕەتییەکان بەرامبەر بەو تۆمەتبارانەی کە ڕادەستی عێراق دەکرێنەوە و لە دامەزراوە چاکسازییە تایبەتمەندەکاندا ڕادەگیرێن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەنجومەنەکە جەختی لەسەر پرۆسەی تۆمارکردن و ئەرشیفکردنی تاوانە تیرۆریستییەکان کردووەتەوە بە شێوەیەکی یاسایی، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی نیشتمانی بۆ هەماهەنگی دادوەری نێودەوڵەتی.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ڕاشیگەیاند: ئامانج لەم هەنگاوە جێگیرکردنی ڕاستییە تاوانکارییەکانە کە ڕەهەندی نێودەوڵەتییان هەیە، هەروەها بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی دادوەری و دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ تۆمەتبارێک لە لێپرسینەوەی یاسایی ڕانەکات.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، سەرجەم تۆمەتباران بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەزنامەکانیان یان پلە و پۆستیان لە ناو ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەدا دادگایی دەکرێن بە شێوەیەک کە مافی قوربانییەکان پارێزراو بێت و پرەنسیپی سەروەریی یاسا لە عێراقدا بچەسپێنرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.