سەرۆكایەتی كۆماری سووریا ئاشكرای كرد، لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) گەیشتوونەتە چەند خاڵێكی لێكتێگەیشتن.
لە راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری سووریا كە ئەمشەو سێشەممە ئاژانسی (سانا) بڵاوی كردۆتەوە، هاتووە: لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات گەیشتووینەتە چەند خاڵێكی لێكتێگەیشتن كە بریتین لەمانەی خوارەوە:-
هێزەكانی سوپای سووریا ناچنە ناو سەنتەری شارەكانی حەسەكە و قامیشلۆ، بەڵكو لە دەوروبەری شارەكان دەمێننەوە.
هێزەكانی سوپای سووریا ناچێتە ناو گوندە كوردنشینەكان، بەڵكو هێزەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ كە خەڵكی ناوچەكەن تێیدا جێگیر دەكرێن.
سەرجەم هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی هەسەدە لەناو هەردوو وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆی سووریا تێكەڵ دەكرێن.
مەزڵووم عەبدی بەربژێرەكان دیاری دەكات بۆ پۆستەكانی یاریدەری وەزیری بەرگریی سووریا و پارێزگاری حەسەكە، هەروەها ناوی ئەو كەسانەش دیاری دەكرێن كە دەبنە ئەندامی ئەنجوومەنی گەل و هەروەها ئەو كەسانەی لە دامودەزگاكانی حكوومەت دادەمەزرێن.
مەڕسوومی ژمارە 13 تایبەت بە مافی زمان و كولتوور و هاووڵاتییبوونی كورد لە سووریا جێبەجێ دەكرێت.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی كۆماری سووریا ئاماژە بەوەدراوە كە ئەم لێكتێگەیشتنە لە كاتژمێر 8ی ئەمشەو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.