وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕەتی كردەوە هیچ گەشتێكی ئاسمانی لە فرۆكەخانەكانی عێراق بەهۆی خراپی كەشوهەواوە راگیرابێت.
مەیسەم سافی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند: لە هەندێك میدیا و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەواڵی وەستانی گەشتی فڕۆكە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەكان عێراق بەتایبەتیش لە فڕۆكەخانەی بەغدا بڵاوكرابووەوە، بەڵام هەواڵەكە دوورە راستییەوە.
راشیگەیاند: هیچ گەشتێك لە ئاسمانی عێراق رانەگیراوە و سەرجەم فڕۆكەخانەكان كاری ئاسایی خۆیان دەكەن.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتیشی كە ئەمڕۆ سێشەممە تەنیا چەند كاتژمێرێكی كەم گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ ئێران بەهۆی خراپی كەشوهەواوە راگیرابوون، بەڵام ئێستا گەشتەكان ئاسایی بوونەتەوە و بەردەوامن.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئێستا شەپۆڵێكی بەفر و بارانبارینی چڕ هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراقی گرتووەتەوە، هەندێك لە میدیا و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاویان كردبووەوە كە بەهۆی خراپی كەشوهەوا و تەمومژەوە بەشێك لە گەشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەكانی عێراق راگیراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.