وەزارەتی بەرگری سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا کە نەخشەیەکی مەیدانی هاوپێچ کردووە، گۆڕانکاریی نوێی لە سنووری پارێزگای حەلەب ڕاگەیاند و چەند ناوچەیەکی ستراتیژیی وەک ناوچەی سەربازیی داخراو ناساند.
ڕۆژی سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، وەزارەتی بەرگری سووریا، ڕایگەیاند: ئەو ناوچانەی لەسەر نەخشەکە بە ڕەنگی سوور نیشان دراون، کە هەریەک لە شارۆچکەکانی دێر حافر و مەسکەنە و گوندەکانی دەوروبەریان لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب دەگرێتەوە، لە مێژووی دەرچوونی ئەم بڕیارەوە بە ناوچەی سەربازیی داخراو دادەنرێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداریی دراوەتە هاووڵاتیانی مەدەنی کە بە هەموو شێوەیەک لە بنکە و شوێنەکانی کۆبوونەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دووربکەونەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دەستپێکردنی بۆردومان یان ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەو شوێنانەدا.
وەزارەتی بەرگری سووریا داوای لە سەرجەم گروپە چەکدارەکانی ناو ئەو سنوورە کردووە کە بە زووترین کات بکشێنەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە سوپای سووریا هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لەو گروپە چەکدارانەی کە لە ناوچەکەن و ڕێگە نادات هیچ جۆرە گردبوونەوەیەکی سەربازی لەو ناوچانەدا بمێنێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.