لە سنووری ناحیەی وەرتێ ڕووداوێکی هاتووچۆ ڕوویدا و بەهۆیەوە خوشک و برایەک کە هەردووکیان قوتابی بوون، لەکاتی چوون بۆ قوتابخانە گیانیان لەدەستدا.
ڕۆژی یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران ڕایگەیاند: لە گوندی سەرنەوسی سەر بە ناحیەی وەرتێ لە سنووری قەزای ڕواندز ئۆتۆمبێلێک خۆی بە دوو منداڵدا کێشاوە کە بە ڕێگاوە بوون بۆ قوتابخانە، بەهۆی توندی پێکدادانەکەشەوە هەردووکیان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی سۆران لەسەر رووداوەکە ڕایگەیاند: ''بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەردوو قوربانییەکە قوتابی بوون لە قوتابخانەی سەرنەوسی بنەڕەتی تێکەڵاو. یەکێکیان کوڕە بە ناوی زەریا زریان و تەمەنی 9 ساڵە، ئەوەی دیکەشیان خوشکیەتی بە ناوی هەنەسە زریان و تەمەنی تەنها 6 ساڵە''.
پەروەردەی سۆران بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی ڕووداوەکە و گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.