بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماری بارانبارینی 24 کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکان شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین سنوورەکەی گرتووەتەوە و شەقڵاوە زۆرترین بڕی لێ باریوە، هاوکات بڕی بارانی ئەمساڵ چەندین هێندەی ساڵی ڕابردووە.
بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر کە تایبەتە بە ڕێژەی بارانبارین تا کاتژمێر 9:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا زۆرترین بڕی بارانبارین لە قەزای شەقڵاوە تۆمار کراوە کە بڕەکەی 92 ملم بووە.
بەپێی خشتەکە، لە دوای شەقڵاوە، شارەدێی بەستۆڕە بە 73 ملم و شارۆچکەی کۆیە بە 66.5 ملیم و شارەدێی بالیسان بە 52 ملم دێن، هەروەها لە سەنتەری شاری هەولێر 47.7 ملم باران باریوە. کەمترین بڕی بارانیش لە شارەدێی گوێڕ بووە کە 19.3 ملم بووە.
داتاکانی کشتوکاڵی هەولێر جیاوازییەکی گەورە لە نێوان کۆی گشتیی بارانبارینی ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوودا نیشان دەدەن. لە سەنتەری شاری هەولێر پارساڵ تا ئەم کاتە تەنیا 49.5 ملم باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە 218.5 ملم. هەروەها لە شەقڵاوە پارساڵ 102.5 ملم باریبوو، بەڵام ئەمساڵ ژمارەکە بۆ 483.2 ملم بەرزبووەتەوە.
ڕێژەی بارانبارینی 24 کاتژمێری ڕابردوو لە ناوچەکانی دیکەی هەولێر بەم شێوەیە بووە:
• عەنکاوە: 49.4 ملم
• قوشتەپە: 37 ملم
• خەبات: 28 ملم
• بنەسڵاوە: 40 ملم
• شۆڕش: 52 ملم
• هەریر: 44.5 ملم
• مەخموور: 31 ملم
• دیبەگە: 33 ملم
• تەقتەق: 32.2 ملم
• شەمامک: 32 ملم
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.