Erbil 31°C یەکشەممە 09 ئاب 22:10

وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا بە تەواوی ئاسایی بووەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی شەپۆلێکی بەفربارین و ڕەشەباوە زیان بە تۆڕەکان گەیشت، تیمەکانیان توانیویانە گرفتەکە چارەسەر بکەن و دۆخی کارەبا بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە.

وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیاندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە شەوی ڕابردوو شەپۆلێکی ڕەشەبا، باران و بەفر ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی گرتەوە، ئەمەش بووە هۆی زیانگەیاندن بە تۆڕەکانی پاڵەپەستۆی بەرزی کارەبا لە نێوان وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە.

وەزارەتەکە ڕوونی کردووەتەوە، دەستبەجێ تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و پارێزگاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە، توانیویانە بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و دوای چەند کاتژمێرێک بەشێکی زۆری کارەبای پارێزگاکانیان گەڕاندووەتەوە و لە ئێستاشدا دۆخەکە بە تەواوەتی ئاسایی بووەتەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، وەزارەتی کارەبا وێڕای سوپاسکردنی هاووڵاتییان بۆ پشوودرێژییان، دڵنیایی داوە کە لە کاتی هەر گرفتێکدا لە تۆڕەکان، تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ چارەسەرکردن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.