سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆیان بەسەر چالاکیی کۆمپانیاکانی نەوت لە ڤەنزۆێلا سەپاندووە و ئاشکرای کرد دەستیان بەسەر 30 ملیۆن بەرمیل نەوتدا گرتووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەمەریکا بڕیار دەدات کام کۆمپانیای نەوت ڕێگەی پێ دەدرێت لەناو ڤەنزۆێلا کار بکات".
هەروەها جەختی کردەوە کە لە ئێستادا ئەمریکا کۆنتڕۆڵی ئاڕاستەی وەبەرهێنانی نەوتی ئەو وڵاتەی کردووە.
ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد: "واشنتن دەستی بەسەر نزیکەی 30 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڤەنزۆێلادا گرتووە، کە بەهاکەی بە نزیکەی 4 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت".
ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە ڕۆژی 3ـی ئەم مانگە و تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ و دوورخستنەوەی لە دەسەڵات، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانی وڵاتەکەی ئامادەن بچنە بازاڕی ڤەنزۆێلا و ملیاران دۆلار بۆ چاککردنەوەی ژێرخانی وێرانبووی نەوتی ئەو وڵاتە خەرج بکەن.
سەرەڕای گەشبینییەکەی ترەمپ، بەڵام بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (ئێکسۆن مۆبیل) بۆچوونێکی جیاوازی هەیە و ڕایگەیاندووە: "لە ئێستادا وەبەرهێنان لە ڤەنزۆێلا ئەستەمە"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ئاڵنگارییە سیاسی و ئابوورییانەی ڕووبەڕووی کەرتی وزەی ئەو وڵاتە بوونەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.