شێخ حیکمەت سەلمان هەجری، سەرۆکی ڕۆحیی موەحیدینە درووزەکان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە دەکرێتە سەر شاری حەلەب و دەوروبەری، بەتایبەت ئەو هێرشانەی کە هاووڵاتییانی کورد لەو ناوچانە دەکەنە ئامانج.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە لە "جەبەل باشان"ەوە دەرچووە، شێخ حیکمەت هەجری ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەکانی حکومەتی کاتی و "گروپە تەکفیرییەکان" بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر خەڵکی بێتاوان و کورد لە حەلەب، هاوکات ڕەخنە لەو "پڕوپاگەندە میدیاییە چەواشەکارانە" دەگرێت کە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان بەکاردەهێنرێت.
سەرۆکی ڕۆحیی درووزەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەوەی ڕوودەدات تەنها هێرش نییە، بەڵکو هەوڵێکی ڕوونە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی و کۆمەڵکوژیی نێوان کەمینەکان، ئەمەش پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە بێدەنگ نەبن و بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و پاراستنی کەمینەکان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، شێخ حیکمەت هەجری پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ گەلی کورد دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە: "ئێمە لە پاڵ برا کوردەکانمان دەوەستین تاوەکو هەموو مافە مێژوویی، جوگرافی و مرۆییەکانی خۆیان بەدەستبهێنن." هەروەها هاوخەمی بۆ خانەوادەی شەهیدان دەربڕیوە و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.