ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، بەیاننامەیەکی بەپەلەی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری دەدات لە پلانێکی مەترسیداری حکوومەتی دیمەشق بۆ بەئامانجگرتنی ناوەندە تەندروستییەکان لە گەڕەکی شێخ مەقسوود.
بەپێی بەیاننامەکەی هێزەکانی ئاسایش، "وەزارەتی بەرگری" حکوومەتی دیمەشق، نەخشەیەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ئەو شوێنانەی دیاری کردووە کە دەکرێنە ئامانج. لەنێو لیستەکەدا ناوی نەخۆشخانەی مەدەنی "خالید فەجر" هاتووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر لە دوێنێوە ئەو نەخۆشخانەیە چوار جار بە چەکی قورس و تۆپباران کراوە.
هێزەکانی ئاسایش ڕایانگەیاندووە: "دانانی ناوەندێکی پزیشکی و مەدەنی لە لیستی ئامانجە سەربازییەکاندا، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر بوونی نیازی پێشوەختەی تاوانکاری. ئەمە تاوانێکی جەنگی تەواوە و پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە پاراستنی دامەزراوە تەندروستییەکانی کردووەتە مەرج."
لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم نەخشەیە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەکی یاساییە بۆ ئیدانەکردنی حکوومەتی دیمەشق و هاوپەیمانەکانی. ئاسایشی حەلەب دەڵێت: "ئێمە حکوومەتی دیمەشق بە بەرپرسیاری تەواوی هەر زیانێک دەزانین کە بەر مەدەنییەکان و ژێرخانی تەندروستی شارەکە بکەوێت."
لە کۆتاییدا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن، چاویان لەسەر ئەم ڕەوشە مەترسیدارە بێت و ئەم ڕاگەیاندراوە وەک بەڵگەیەک بۆ پلانی پێشوەختە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی هاووڵاتیانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە وەربگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.