ڕێکخراوی هاوپشتی گەلانی ئەفریقیا و ئاسیا (AAPSO) لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئەمڕۆ هەینی، 9ی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکردەوە: "نیگەرانی خۆمان بەرامبەر پەرەسەندنە سەربازییەکان و تێکچوونی باری ئەمنی لە شاری حەلەبی سووریا دەردەبڕین و داوای ڕێگری لە کوشتار و ئاوارەبوونی مەدەنییەکان دەکات.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پەرەسەندنە سەربازییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیان و سەلامەتی هاووڵاتییان دروست کردووە و هەڕەشە لە سیمای شارستانی یەکێک لە دێرینترین شارەکانی ناوچەکە دەکات. ڕایشیگەیاندووە کە بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکان بووەتە هۆی دروستبوونی ترس، ئاوارەبوون، پەککەوتنی دەوام و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، کە ئەمەش زیانێکی گەورە بە سەقامگیری کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت.
لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پاراستنی مەدەنییەکان و ڕێزگرتن لە مافی ژیانیان دەبێت ئەولەویەتی هەموو لایەک بێت. هەروەها دووپاتکراوەتەوە کە پاراستنی قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان، گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان و بازاڕەکان، پێوەرێکی سەرەکییە بۆ هەڵسوکەوتی بەرپرسانە، چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی سەربازییەوە.
ڕێکخراوی (AAPSO) پێیوایە هیچ جێگرەوەیەک بۆ مێزی گفتوگۆ نییە و تەنها ڕێگەی تێکشکاندنی بازنەی توندوتیژی، پەنابردنە بۆ چارەسەری سیاسی. ئاماژەی بەوەش کردووە کە "چەک ڕەنگە ئاگربەستێکی کاتی بسەپێنێت، بەڵام هەرگیز ئاشتییەکی بەردەوام و متمانە لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست ناکات."
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ڕێکخراوەکە داوای لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە زمانی عەقڵ و دیالۆگ بخەنە پێش بەرژەوەندییە سەربازییەکان و هێرشەکان بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان ڕابگرن، تاوەکو زەمینەیەکی گونجاو بۆ دانوستان بێتە کایەوە، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی گەلی سووریا و مافیان لە ژیانێکی پڕ لە ئاسایش و سەقامگیریدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.