ئەمڕۆ پێنجشەممە، باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، چەند پەڕەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکیان دەربارەی زیادكردنی باجیی گومرگیی بڵاوکردووەتەوە کە هی ساڵی 2023یە، هاوکات جەختی کردەوە کە حکوومەت هیچ باجێکی نوێی بۆ ساڵی داهاتوو له‌سه‌ر ئۆتۆمبێل و كه‌لوپه‌لی هاورده‌كراو نەسەپاندووە.
عەوادی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی راگەیاندووه: چەند پەڕەیەک لە پێگەکانی تۆڕه کۆمەڵایەتییەکان نوسراوێكی کۆنیان بڵاوکردووەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2023 و باس لە ڕەسمی گومرگیی دەکات بۆ سەر کەلوپەلی بەکاربردن، ئەوەش دوای ئەوەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرە عێراقییەکان داوایەکیان پێشکەش کرد بۆ پاراستنی بەرهەمەکانیان له تەواوی بازاڕە ناوخۆییەکان بۆ ئه‌وه‌ی زیانمه‌ند نه‌بن و بتوانن به‌رهه‌مه‌كانیان ساغ بكه‌نه‌وه.
گوته‌بێژی حكوومه‌تی عێراق راشیگه‌یاند: جێبەجێکردنی ڕەسمی گومرگیی رێكارێكی كارگێڕییه بۆ پاراستنی بەرهەمی هاورده‌كراو و هەموو وڵاتانی جیهان بۆ مه‌به‌ستی ئاسایشی نیشتمانی و بۆ پاراستنی پیشەسازی و پەرەپێدانی و ڕەخساندنی هەلی کار جێبەجێی دەکەن.
باسم عه‌وادی ئاشكراشی كرد: حکوومەت هیچ باجێکی نوێی نەسەپاندووە، هەروەک چۆن ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گومرگ جەختی لێکردەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەسڵی بابەتەکە وەرگرتنی سپاردەی باجە لە دەروازە سنوورییەکان و گواستنەوەیەتی بۆ فەرمانگەی باج لە ڕێگەی سیستەمی ئەسیکۆداوە کە بەم دواییانە کەوتووەتە کار و هه‌موو ساڵێك له كۆتایی ساڵدا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.