هاوپەیمانیی کریستیان (التحالف المسيحي)، لە بەیاننامەیەکی بەپەلەدا کە ئاراستەی ڕای گشتی جیهان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبیی کردووە، نیگەرانییەکی زۆری خۆی بەرامبەر ئەو مەترسییە گەورانە دەربڕی کە ڕووبەڕووی خێزانە ئێزدییەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب دەبنەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە زیاتر لە 1,200 خێزانی ئێزدی لە ناو حەلەب لە بارودۆخێکی مرۆیی کارەساتباردان و بەهۆی کۆچی زۆرەملێ، گەمارۆ و تۆپبارانی هەڕەمەکی، مەترسی پاکتاوی ڕەگەزی و تاوانی جەنگیان لەسەرە.
هاوپەیمانیی کریستیان داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش، یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ:
ڕاگرتنی کارە سەربازییەکان و تۆپبارانی ناو گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان.
دابینکردنی ڕێڕەوی مرۆیی ئارام بۆ گواستنەوەی مەدەنییەکان.
فشار خستنە سەر لایەنە شەڕکەرەکان بۆ پاراستنی گیانی کەمینە ئاینی و نەتەوەییەکان.
ناردنی تیمی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە و دۆکیومێنتکردنی پێشێلکارییەکان.
هاوپەیمانیی کریستیان هۆشداری دەدات کە بەردەوامی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی تێکچوونی سەقامگیری ناوچەکە و سەرهەڵدانەوەی توندڕەوی. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئێزدییەکان پێش دە ساڵ لەمەوبەر لەسەر دەستی داعش ڕووبەڕووی جێنۆساید بوونەوە، نابێت جیهان ڕێگە بدات ئەو مێژووە خوێناوییە لە حەلەب دووبارە ببێتەوە."
هەروەها هاوپەیمانیی کریستیان ستایشی هەڵوێستی مرۆیی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، کە لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردبووەوە کە نابێت ناکۆکییە سیاسییەکان بکرێنە پاساو بۆ پاکتاوی ڕەگەزی یان خستنە مەترسیی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا کە لە ڕێکەوتی 8 / 1 / 2026 بڵاوکراوەتەوە، هاوپەیمانیی کریستیان بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی جیهان کردووە و دەڵێت: "خێزانە ئێزدییەکان ڕزگار بکەن پێش ئەوەی کات بەسەر بچێت، نابێت جیهان تەنیا تەماشاکار بێت کاتێک گەلێکی ئاشتیخواز لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵدەکێشرێت."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.