ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS)، لە بەیاننامەیەکدا کە لە ڕێکەوتی 7ی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوی کردەوە، نیگەرانییەکی قووڵی خۆی بەرامبەر پەرەسەندنی پێکدادانە سەربازییەکان لە هەردوو گەڕەکی "شێخ مەقسوود" و "ئەشرەفییە" لە شاری حەلەب دەربڕی، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەیان کوردن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە تۆپبارانی چڕ و هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە لە دوێنێوە بەردەوامە، ئەمەش بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان کەسی مەدەنی و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان لەو گەڕەکانە و ناوچەکانی دەوروبەری، کە مەترسییەکی گەورە لەسەر دۆخی مرۆیی و ئەمنیی شارەکە دروست دەکات.
ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد هۆشداری توندی دا لە بڕیارەکەی سوپای سووریا بۆ ناساندنی ئەو دوو گەڕەکە وەک "ناوچەی سەربازی" و داواکردنی چۆڵکردنیان لە مەدەنییەکان و ئەم هەنگاوە بە "نیشانەیەکی مەترسیدار" ناو دەبات کە دەبێتە هۆی زیاتری گیانلەدەستدانی هاووڵاتیان و تێکچوونی زیاتری بارودۆخی وڵات.
ئەنجومەنەکە داوای چەند هەنگاوێکی بەپەلەی کردووە، لەوانە:
- ڕاگرتنی دەستبەجێی کارە سەربازییەکان و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی سەر ئەو دوو گەڕەکە.
- ڕێگەدان بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆیی و پزیشکییەکان بۆ فریاکەوتنی بریندارەکان.
- پەنابردن بۆ دیالۆگ و ڕاگرتنی پەرەسەندنی میدیایی.
- پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و دوورخستنەوەی ناوچە نیشتەجێبوونەکان لە ململانێ سەربازییەکان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ENKS جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە دەسەڵاتدارانی سووریا دەست بە پرۆسەیەکی سیاسیی گشتگیر بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بە جۆرێک کە مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان و لە سەرووی هەموویانەوە مافەکانی گەلی کورد بپارێزرێت، تاوەکو سەقامگیری و ئاشتییەکی بەردەوام لە سووریادا بێتە دی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.