Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 12:49

حكوومەتی عێراق روونكردنەوە لەبارەی مووچەی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2026 بڵاو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە روونكردنەوەیەكی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق بە گشتی بڵاو كردەوە و تێیدا دڵنیایی دا كە هیچ مەترسییەك لەسەر مووچە بۆ ساڵی 2026 نییە.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی عێراق گوتی: بەردەوامی مامەڵەی حكوومەت بە دراوە بیانییەكان سەقامگیری داهات و توانای دەوڵەت بۆ جێبەجێكردنی ئەركە سەرەكییەكانی مسۆگەر دەكات.

مەزهەر محەمەد ساڵح گوتیشی: حكوومەتی عێراق رژدە لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی لە بواری داراییدا بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان لەچوارچێوەی كەمكردنەوەی خەرجی گشتی و زیادكردنی داهاتی نانەوتی و كەمكردنی كورتهێنانی دارایی لە بودجەی ساڵی 2026.

راوێژكارە دارایییەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیشی كردەوە كە بڕیارەكانی ئەم دواییەی حكوومەت قۆناغێكی نوێ لە سیاسەتی دارایی دروست دەكات لەسەر بنەمای بەرزكردنەوەی داهات و كەمكردنەوەی قەرز، هاوكات لەگەڵ پارێزگاری لە سەقامگیری ئاستی ژیانی هاووڵاتییان و بەردەوامی پێدانی ماف و شایستەكانیان لەنێویاندا مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینان و هاوكارییەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی.

ئەمە لەكاتێكدایە كە حكوومەتی عێراق بڕیاریداوە لە ساڵی نوێیدا گۆڕانكاری نوێ لە سیستەمی بەڕێوەبردنی داراییدا بكات و باج لەسەر چەندین كەلوپەلی هاوردەكراو زیاد بكات بە مەبەستی كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە و زیادكردنی داهاتی نانەوتی لە وڵاتدا.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو كە حكوومەتی عێراق تەنیا بۆ مووچە مانگانە پێویستی بە نزیكەی 8 تریلیۆن دینار هەیە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.