کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، وەک گەورەترین ناوەندی نوێنەرایەتیی کوردانی دیاسپۆرا، لە پەیامێکی فەرمیدا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ناسراو (عەلی جەوانمەردی) دەکات، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک بەرپرسی نوێی بەشەکانی (کوردی، فارسی و ئەفغانی) لە ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا (VOA).
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەستبەکاربوونی جەوانمەردی لەم پۆستە هەستیار و گرنگەدا، هەنگاوێکی کاریگەر و ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین لە ناوچەکەدا. جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی گەیاندنی دەنگی ڕاستەقینەی گەلانی ستەملێکراو بە جیهانی دەرەوە.
لە بەشێکی تری هەواڵەکەدا هاتووە، کە کۆنفیدراسیۆنەکە دڵنیایی دەربڕیوە کە ڕابردووی پیشەیی و خەباتگێڕانەی عەلی جەوانمەردی لە بەرەی گەل و دژایەتیکردنی ستەمکاری، دەبێتە هەوێنی گۆڕانکارییەکی ئەرێنی و گەورە لە گوتاری میدیایی ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییەدا، بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی خواست و داواکارییە ڕەواکانی خەڵک بێت.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وەک چەتری کۆکەرەوەی کوردانی تاراوگە، پشتگیریی بێبەرەوژێری خۆی بۆ ئەم هەنگاوە ڕاگەیاندووە و ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک کە خزمەت بە گەیاندنی پەیامی ڕەوای گەلی کورد و گەلانی تری ناوچەکە بکات.
لە کۆتایی پەیامەکەدا، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ بەڕێز عەلی جەوانمەردی خواستراوە لەم ئەرکە نوێ و نیشتمانییەدا، بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕێگەی سەکۆیەکی گرنگی وەک "دەنگی ئەمریکا"وە خزمەتێکی زیاتر بە دۆزی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.