دوای پەککەوتنی بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەهۆی شەپۆلێکی بەفربارین و خراپی کەشوهەوا، مەرزی نێودەوڵەتی کێلێ لە سنووری قەزای پشدەر بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە.
بەکر باییز، قایقامی قەزای پشدەر بە کوردستان تیڤی ڕایگەیاند: "بەهۆی بەفربارینی زۆر و پەککەوتنی تاوەرەکانی ئینتەرنێت، بۆ ماوەی هەفتەیەک هاتوچۆ لە مەرزەکە ڕاگیرابوو، بەڵام ئێستا تەواوی ڕێگاکە پاککراوەتەوە و گرفتە تەکنیکییەکان چارەسەر کراون."
گرنگترین زانیارییەکان دەربارەی کردنەوەی مەرزەکە:
هاتوچۆی گەشتیاری لە ئەمڕۆوە دەستی پێکردووەتەوە و بارودۆخەکە ئاساییە و جوڵەی بازرگانی بڕیارە لە سبەی چوارشەممەوە بە شێوەیەکی فەرمی دەست پێ بکاتەوە.
داخرانی مەرزەکە لە پشووەکانی سەری ساڵدا کاریگەری نەرێنی لەسەر کەرتی بازرگانی و گەشتیاری دەڤەرەکە هەبووە.
جێی ئاماژەیە مەرزی کێلێ یەکێکە لە مەرزە گرنگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، کە ڕۆڵێکی بەرچاو لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ناوچەکەدا دەگێڕێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.