سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەی توندی لە ئێران كرد لە ئەگەری هەر هێرشێكی ئەو وڵاتە بۆ سەر خاكی ئیسرائیل، جەختیشی كردنەوە كە پشتگیری لە خۆپیشاندانەكانی ئێستای ئێران دەكەن بۆ دیاریكردنی داهاتوو و چارەنووسیان.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە لە وتارێكدا لە كەنیسەیەكی ئیسرائیلی گوتی: ئەگەر ئێران هەر هێرشێك بكاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا رووبەڕووی باجێكی توند و وێرانكەر دەبێتەوە.
نەتانیاهۆ لەبارەی شەشەمین دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند: هەماهەنگی و هاوكارییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریكا لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ تا دێت بەهێزتر دەبێت بەتایبەت لەبواری ئەمنی و سەقامگیریدا.
ئاماژەی بەوەش دا كە لە دوایین كۆبوونەوەدا لەگەڵ ترەمپ جەختیان لە چەكدانانی حەماس و چەكداماڵینی كەرتی غەززە كردۆتەوە، گوتیشی كە ئێستا كار لەسەر گەڕانەوەی دوایین تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەكان دەكەن لە غەززەدا.
گوتیشی كە ئیسرائیل و ئەمریكا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی كە نابێت بەهیچ شێوەیەك ئێران دووبارە دەستی بگاتەوە بە بەرنامە ئەتۆمییەكان یاخود دەست بە دروستكردنی مووشەكە بالیستییەكان بكاتەوە.
نەتانیاهۆ نەشی شاردەوە كە ئیسرائیل پشتگیری تەواوی خۆی لە خۆپیشاندانەكانی ناوخۆی ئێران دەكات بۆ دیاریكردنی داهاتوو و چارەنووسیان و بۆ هەمیشەش لە پشتیان دەوەستێت.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.