Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 11:31

لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە بەغدا جەخت لە کاری هاوبەش کرایەوە و پرسی سەرۆککۆمار باس نەکرا

کوردستان TV
100%

هەردوو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە. لە دیدارەکەدا جەخت لەسەر هەماهەنگیی نێوان هەردوولا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە، هاوکات پەرلەمانتارێکی پارتی ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک باسی پرسی پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2026، دانەر عەبدولغەفار، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە "کوردستان تیڤی"ی ڕاگەیاند؛ شاندێکی فراکسیۆنی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، سەردانی فراکسیۆنی پارتییان کردووە و لەلایەن شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییەوە پێشوازییان لێ کراوە.

سەبارەت بە ناوەڕۆک و ئامانجی سەردانەکە، ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد شاندی یەکێتی مەبەستیان بووە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ هەوڵە نیشتمانییەکانی شاخەوان عەبدوڵڵا لە ماوەی کارکردنیدا وەک جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرببڕن. هەروەها تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتی بووە لە پتەوکردنی هەماهەنگی و دروستکردنی کاری پێکەوەیی لە نێوان هەردوو فراکسیۆن لە نێو ئەنجومەنی نوێنەران، بە ئامانجی داکۆکیکردن لە مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، دانەر عەبدولغەفار ڕەتی کردەوە کە لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کرابێت و ڕایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک لە کۆبوونەوەی هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی باسی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار نەکراوە."

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە دوای کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ئەمڕۆ لەگەڵ کۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی، وادەی پێشکەشکردنی ناوی بەربژێرەکان کۆتایی دێت. بەپێی عورفی سیاسی لە عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی پێکهاتەی کوردە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.