بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ئاماری پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ساڵی 2025ی بڵاو کردەوە کە تێیدا دەیان پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنووری 22 شارەوانیی دەوروبەری سۆران جێبەجێ کراون یان لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
ڕۆژی دووشەممە، 5ـی کانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ڕایگەیاند: بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تەنیا لە ساڵی 2025دا، ڕەزامەندی لەسەر 94 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر دراوە کە گوژمەکەی بریتییە لە 65,620,771,439 (شەست و پێنج ملیار و شەش سەد و بیست ملیۆن) دینار. هاوکات 31 پڕۆژەی دیکە بە گوژمەی زیاتر لە 6 ملیار و 758 ملیۆن دینار ڕەزامەندی داراییان بۆ وەرگیراوە.
ئامارەکانی بەرێوبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانیی سۆران بە چەند شێوەیەک پۆلێن کراون وەک:
پڕۆژە تەواوکراوەکان: 9 پڕۆژە بە گوژمەی 36.4 ملیار دینار بەکۆتا هاتوون.
لە قۆناغی کۆتاییدا: 14 پڕۆژە بە گوژمەی 1.9 ملیار دینار لە قۆناغی کۆتاییدان.
لە قۆناغی جێبەجێکردندا: 18 پڕۆژە بە گوژمەی 11.9 ملیار دینار کارکردن تێیاندا بەردەوامە.
لە قۆناغی تەندەریندا: 22 پڕۆژە بە گوژمەی 8.5 ملیار دینار لە قۆناغی تەندەر و ئامادەکاری دان بۆ دەستپێکردن.
لە ڕاگەیەندراوەکادا هاتووە: سەبارەت بە پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2025، دوو پڕۆژەی ستراتیژی بە گوژمەی 43 ملیار و 320 ملیۆن دینار دیاریکراون. هەروەها بڕی زیاتر لە 135 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێکردنی دەرخستەی پڕۆژە بچووک و پێویستەکان تەرخان کراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم ئامارانە تەنیا سنووری 22 شارەوانیی دەوروبەری سۆران دەگرێتەوە و سەنتەری شاری سۆران ناگرێتەوە، چونکە سەنتەری شار لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سۆرانە.
ئەم پڕۆژانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە ناحیە و گوندەکان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ناوچەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.