Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 18:50

زانیاری نوێ لەبارەی ئۆپەڕاسیۆنی دەستگیركردنی نیكۆلاس مادۆرۆ

کوردستان TV
100%

میدیاكانی ئەمریكا زانیاری نوێیان لەبارەی ئۆپەڕاسیۆنی دەستگیركردنی نیكۆلاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەی لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو بڵاو كردەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراوەتەوە، ئۆپەڕاسیۆنەكە لە مانگی ئاب (مانگی 8)ی رابردوو ئامادەكاری بۆ كراوە و تێیدا چاودێرییەكی وردی جوولەكانی مادۆرۆ كراوە لە شوێنی نیشتەجێبوون و هاتن و چوون و تەنانەت شێوازی ژیانیشی، ئەمە لەكاتێكدایە كە لەو ماوەیەدا سەرۆكی ڤەنزوێلا چەند جارێك شوێنی مانەوەی خۆی گۆڕیبوو.

سەرۆك ئەركانی سوپای ئەمریكا لەبارەی ئۆپەڕاسیۆنەكە رایگەیاندووە، هێزی تایبەتی دەڵتا مەشق و راهێنانێكی وردی بۆ ئۆپەڕاسیۆنەكە كردبوو، تەنانەت لە مەشق و راهێنانەكاندا كۆشكێكی هاوشێوەی شوێنی مانەوەی مادۆڕۆ دروستكرابوو و و سەربازەكان مەشقیان لەسەر دەكرد.

هەر بە گوێرەی زانیارییەكان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا چوار رۆژی بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەڕاسیۆنەكە واژووی لەسەر دەستپێكردنی ئۆپڕاسیۆنەكە كردبوو، بەڵام بەهۆی نەگونجان و دۆخی كەشوهەوا ئۆپەراسیۆنەكە دواخرابوو، تا دواجار شەوی هەینی گلۆپی سەوزی بۆ هەڵكرا.

ئۆپڕاسیۆنەكە بەشێوەیەكی گشتی لە رێگەی 150 فڕۆكەی ئەمریكی كە پێكهاتبوون لە فڕۆكەی جەنگی و هێلیكۆپتەر و فڕۆكەی چاودێری و درۆن، ئەنجامدران، لە دەستپێكی ئۆپڕاسیۆنەكەدا تەواوی سیستەمەكانی بەرگریی ئاسمانی و رادارەكانی ڤەنزوێلا یان هاككران یاخود بە مووشەك لەكار خران.

لە ئۆپەڕاسیۆنەكەدا هیچ سەربازیكی ئەمریكی نەبووە قوربانی و هەروەها هیچ فڕۆكە و هێلیكۆپتەرێكیش زیانی بەر نەكەوت، تەنیا هێلیكۆپتەرێك زیانێكی بچووك و كەمی بەركەوت، ئەویش بە سەلامەتی گەیشتەوە شوێنی نیشتنەوەی.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.