سبەی دووشەممە تا كۆتایی دەوامی ئاسایی دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دادەخرێت، تا ئێستا 30 كەس خۆی بۆ پۆستەكە بەربژێركردووە.
فەرمانگەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی كردۆتەوە كە تا ئێستا 30 كەس فۆڕمەكانی خۆپاڵاوتنیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پڕكردۆتەوە.
لەنێو ئەو كەسانەی فۆڕمەكانیان پڕكردۆتەوە 5 ئافرەت هەن، فەرمانگەی یاسایی پەرلەمان ئاماژە بەوە دەكات كە تا كۆتایی دەوامی سبەی دووشەممە فۆڕمی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار وەردەگرن.
مەرجەكانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەگوێرەی ماددەی 68ی دەستووری عێراق بریتین لەمانەی خوارەوە:-
- دەبێت خاوەن رەگەزنامەی عێراقی بێت و لە دایك و باوكێكی عێراق لەدایكبووبێت.
- لەڕووی عەقڵییەوە سەلامەت بێت و تەمەنی 40 ساڵ تەواو كردبێت.
- دەبێت خاوەن ناوبانگێكی باش و ئەزموونی سیاسی هەبێت، هەروەها دەستپاك و راستگۆ و دادپەروەر و دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان.
- بەلایەنی كەم خاوەنی بڕوانامەی زانكۆ بێت كە باوەڕپێكراو بێت لە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی لە عێراقدا.
- سزا نەدرابێت بە كەتن یان تاوانێكی لەكەدار و ئابڕووبەر.
- ڕێوشوێنی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری نەیگرێتەوە.
هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دانیشتنی پەرلەمانی بۆ رۆژی دووشەممە رێكەوتی 5/1/2026 هەڵگرتبوو.
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێش داخستنی دانیشتنەكە، بە فەرمی دەرگەی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كردبووەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.