دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەك، سەرۆكایەتی كۆماری عێراق راگەیەنراوێكی فەرمی لەبارەی مووچەی خانەنشینی د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق بڵاو كردەوە.
لە راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی كۆمار هاتووە "بەهەموو شێوەیەك ئەو دەنگۆیانە رەت دەكەینەوە كە لە بەشێك لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بڵاوكراونەتەوە سەبارەت بە مووچەی خانەنشینی د. لەتیف رەشید".
هەروەها هاتووە "لە بەشێك لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی وا بڵاوكراوەتەوە كە د. لەتیف رەشید سوپاسنامەیەكی ئاراستەی وەزارەتی دارایی كردووە سەبارەت بە دیاریكردنی مووچەی خانەنشینییەكەی كە بریتییە لە مانگانە 90 ملیۆن دینار".
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە "هەموو ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و سەرۆكایەتی كۆمار هیچ پەیام و سوپاسنامەیەكی ئاراستەی وەزارەتی دارایی نەكردووە، بەپێچەوانەوە ئەم هەواڵە چەواشەكاری و ناوزڕاندنە كە ئامانج لێیان ناشیرینكردنی سەرۆك كۆمار و دامەزراوەكانی دەوڵەت و هاندانی رای گشتییە لەسەر بڵاوكردنەوەی زانیاری درۆ و بێ بنەما".
سەرۆكایەتی كۆمار جەختیشی كردەوە كە رێكاری یاسایی دژی هەموو ئەو كەسانە دەگرنەبەر كە لە پشت بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە بێ بنەمایەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.