وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە وەڵامی بڕیارەکەی حکومەتی کەنەدا بۆ تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران، هەنگاوێکی هاوشێوەی نا و هێزی دەریایی کەنەدای وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ڕاگەیاند.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێشەممە 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە بەپێی ماددەی حەوت لە یاسای "هەنگاوی هاوشێوە بەرامبەر تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لەلایەن ئەمریکاوە" دراوە کە ساڵی 2019 پەسەند کراوە. بەپێی ئەم یاسایە، تاران هەموو ئەو وڵاتانە دەخاتە لیستی تیرۆرەوە کە شوێن بڕیارەکەی ئەمریکا دەکەون یان پشتگیریی لێ دەکەن.
ئێران جەخت دەکاتەوە کە سوپای پاسداران بەشێکی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیەتی و هەر جۆرە ناساندنێکی وەک گروپێکی تیرۆریستی، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی کەنەدا و ئێران لە ساڵی 1012وە پچڕاون. ئۆتاوا لە حوزەیرانی 2024دا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش دوای گوشارێکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
لە ماوەی ڕابردوودا، پرۆسەی تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە خێراتر بووە:
ئوسترالیا: لە 25ی تشرینی دووەمی 2025، سوپای پاسدارانی وەک "تیرۆریزمێکی دەوڵەتی" ناساند و تۆمەتباری کرد بە داڕشتنی پلان بۆ هێرشکردنە سەر جووەکانی ئەم وڵاتە.
ئیکوادۆر: لە ئەیلوولی 2025، سوپای پاسدارانی خستە لیستی گروپە تیرۆریستییەکانەوە و بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی خۆی وەسفی کرد.
ئەوروپا: پەرلەمانی سوید و پەرلەمانی ئەوروپا پێشتر داوایان کردووە سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە. هەروەها پەرلەمانی دانیمارک لە مانگی ئایاری ڕابردوودا پڕۆژەیەکی هاوشێوەی تاوتوێ کردووە.
پاراگوای: ئەم وڵاتەش سوپای پاسدارانی بە تۆمەتی "پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ" وەک گروپێکی تیرۆریستی ناساندووە.
هەریەک لە سعوودیە و بەحرەین، شەش مانگ پێش ئەمریکا و لە ساڵی 2018دا، سوپای پاسدارانی ئێرانیان بەهۆی "پشتگیریکردنی گروپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا" خستبووە لیستی تیرۆرەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.