Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 00:19

توێژینه‌وه‌یه‌ک: دابەزینی پلەی گەرمیی لەش مەترسیی لەسەر دڵ و بۆرییەکانی خوێن دروست دەکات

کوردستان TV
100%

توێژینه‌وه‌یه‌كی پزیشكی ده‌ریخستووه‌ دابه‌زینی پله‌ی گه‌رمی له‌ش بۆ خوار 35 پله‌ له‌ وه‌رزی سه‌رمادا كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر ته‌ندروستیی مرۆڤ دروست ده‌كات.

دکتۆر ئێلڤێرا خاچیرۆڤا، مامۆستا لە زانکۆی پزیشکیی "پیرۆگۆڤ" لە توێژینەوەیەکی نوێدا رایگەیاندووه‌، دابەزینی توندی پلەی گەرمیی لەش بۆ خوار 35 پلەی سیلیزی،ڕەنگە ببێتە هۆی لێکەوتەی تەندروستیی مەترسیدار و بگاتە ئاستی گیانلەدەستدان.

ئەو پزیشکە ڕوونیکردۆتەوە کە دابەزینی پلەی گەرمیی لەش مەترسیی لەسەر دڵ و بۆرییەکانی خوێن دروست دەکات، بەجۆرێک ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک و تێکچوونی ڕیتمی لێدانەکانی دڵ زیاد دەکات.

هه‌روه‌ها دکتۆر "خاچیرۆڤا " له‌ توێژینه‌وه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: دابەزینی پلەی گەرمیی لەش کاتێک ڕوودەدات کە جەستە خێراتر لەوەی گەرمی بەرهەم دێنێت، گەرمی لەدەست دەدات، وەک بەرکەوتن بە ئاوی سارد، یان مانەوە بۆ ماوەیەکی درێژ لە کەشوهەوای زۆر سارددا، یان بەرکەوتن بە بای بەهێز کە لەدەستدانی گەرمی زیاد دەکات.

هەروەها ماندووبوون و کارکردنی زۆر و خواردنەوەی ماددە کحولییەکان و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆیی دابەزاندنی پلەی گەرمیی لەش.

 کاریگەریی دابەزینی پلەی گەرمی لەسەر جەستە بریتییە لە گرژبوونی بۆرییەکانی خوێن و کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی خوێن لە چینەکانی دەرەوەی جەستەدا، ئەمەش هەڕەشە لە سوڕی خوێنی ئەندامەکانی ناوەوە دەکات.

له‌ توێژینه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌ش هاتووه‌ :  دڵ زۆر هەستیارە بە گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرمی، چونکە گۆڕانکارییە کتوپڕەکان لە ئاماژە کارەباییەکاندا دەتوانن ببنە هۆی تێکچوونی ڕیتمی دڵ، هەروەها زیادبوونی بەرگریی بۆرییەکانی خوێن بارگرانی لەسەر ماسولکەی دڵ زیاد دەکات.

خاچیرۆڤای پزیشك جەختی کردووه‌ته‌وه‌ لەسەر گرنگیی خۆپاراستن و ئاماژەی بە پێویستیی لەبەرکردنی جلوبەرگی گەرم و پاراستنی سەر و دەستەکان و دوورکەوتنەوە لە مانەوەی زۆر لە بەردەم سەرما و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی ماددە کحولییەکان لە کەشوهەوای سارددا.

 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.