Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 20:50

ڕانیە.. دوو تۆمەتبار دەستگیرکران کە دوو ساڵە دزی لە فرۆشگای خوێندنگەیەک دەکەن

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، هێزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیە دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە بۆ ماوەی دوو ساڵە بە شێوەیەکی بەردەوام دزییان لە فرۆشگای خوێندنگەیەک لە ناو شاری ڕانیە کردووە.

دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە ڕێکەوتی 18ی کانوونی یەکەمی 2025 سەردانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیەی کرد و سکاڵای تۆمارکرد، تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە فرۆشگای خوێندنگەکانی (سەفین و ڕاپەڕین) بڕێکی زۆر پارە و خۆراک دزراون.

دوای پێکهێنانی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد، تیمەکانی نەهێشتنی تاوان توانییان ناسنامەی تۆمەتباران ئاشکرا بکەن و لە ڕێکەوتی 20ـی کانوونی یەکەم دەستگیریان بکەن. تۆمەتبارەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و ڕایانگەیاندووە: "لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2023وە تاوەکو 20ی کانوونی یەکەمی 2025، بەردەوام و لە کاتی جیاجیادا دزییان لەو فرۆشگایە کردووە و بڕێکی زۆر پارە و کەلوپەلیان بردبوو."

تۆمەتبارەکان بە ناوەکانی (ئـ.ڕ.هـ) و (ئـ.ح.أ) ناسراون، یەکێکیان مێردمنداڵە (نەوجەوان) و ئەوی تریان تەمەنی لە سەرووی 18 ساڵە و هەردووکیان ڕەگەزی نێرن.

ئێستا تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.