موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (BCF)، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ هەینی 26/12/2025 بەڕێوەچوو، ڕاپۆرتی ساڵانەی دەزگاکەی بۆ ساڵی 2025 خستە ڕوو.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و داراییەکان، توانیویانە بە تێچووی 41,702,286,000 دینار، چەندین پڕۆژەی ستراتیژی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن.
ئاستەنگەکان و بێباکیی بەغدا
موسا ئەحمەد تیشکی خستە سەر دۆخی نالەباری 27 کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و ڕەخنەی توندی لە حکومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران گرت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەغدا لە ئاست بەرپرسیارێتییەکانیدا بێباک بووە و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە.
هەروەها ئاشکرای کرد کە گۆڕانکارییەکانی ئیدارەی ئەمریکا بوونەتە هۆی وەستانی 19 پڕۆژەی گرنگ لە ناو کەمپەکاندا، ئەمەش قورساییەکی زیاتری خستووەتە سەر شانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
کەرتی خزمەتگوزاری و پەروەردە
بەپێی ڕاپۆرتە چەندایەتییەکەی دەزگاکە، لە ماوەی ئەمساڵدا 161 پڕۆژە لە 10 سێکتەری جیاوازدا جێبەجێ کراون، کە گرنگترینیان ئەمانە بوون:
کەرتی پەروەردە: نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستی بۆ 32 قوتابخانە.
کەرتی خۆراک: دابەشکردنی 106,313 کارتۆنی خۆراک و 50,292 ژەمی ئامادەکراو لە مانگی ڕەمەزاندا.
خزمەتگوزاریی ئایینی: ڕاخستنی فەرش و دابینکردنی پێداویستی بۆ 95 مزگەوت.
کەرتی تەندروستی و کۆمەڵایەتی: بایەخدان بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر.
پلانی ساڵی 2026
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی کردەوە بۆ ساڵی نوێی 2026، پلانیان هەیە پەرەی زیاتر بە کەرتەکانی ئاوەدانکردنەوە، بونیاتنان و پەروەردە بدەن.
موسا ئەحمەد وتی: "بە گیانێکی پێشمەرگانە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان" و سوپاسی هەموو ئەو بەخشەر و لایەنانەی کرد کە لەم ساڵە سەختەدا هاوکاری دەزگاکە بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.