Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 21:02

یادی 49 ساڵەی داستانی شارستێن بەرز ڕادەگیرێت

کوردستان TV
100%

لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی 49ـەمین ساڵیادی داستانی مێژوویی "شارستێن"، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە گەورەیی و قارەمانییەتی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی پێشووی عێراقدا کردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە 49 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ و لە ڕێکەوتی 26/12/1976دا، ڕژێمی داگیرکەری عێراق بە هێزێکی زۆر و بە چەکی قورس و فڕۆکەی جەنگی، هێرشێکی فراوانی کردە سەر پێشمەرگەکانی پارتی لە بەری مەرگە و جافایەتی کە خەریکی خۆڕێکخستنەوە بوون. هەرچەندە لەو کاتەدا ژمارەی پێشمەرگەکان کەم بوو، بەڵام توانییان بە ئیرادەیەکی پۆڵایین ڕووبەڕووی پیلانەکەی ڕژێم ببنەوە.
لقی 11ی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە مەبەستی ڕژێم لەو هێرشە بڵاوکردنەوەی ترس بوو، بەڵام بەهۆی قارەمانییەتی پێشمەرگە و ڕۆڵە بەئەمەگەکانی گوندی شارستێن و خەڵکی خۆڕاگری دەڤەرەکە، گورزێکی هێندە گەورە لە سوپای ڕژێم درا کە هەرگیز چاوەڕوانیان نەدەکرد. لەو کاتەوە ئەو نەبەردییە وەک "داستانی شارستێن" لە مێژوودا تۆمار کرا و بووە مەدالیای شانازی بۆ تێکۆشەرانی ناوچەکە.

 

دەقی پەیامی لقی ١١ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی 49 مین ساڵیادی داستانی شارستێن .

درود و سڵاو بۆ گیانی بەرزە فڕی شەهیدان ، کە بەخوێنی گەشیان بەیداغی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵانیان گەیاندە لوتکە. 49 ساڵ بەر لەئەمڕۆ دروست لە 26/12/1976، ڕژێمی داگیرکەری عێڕاق بە هێزێکی زۆری سوپا بە چەکی قورسی جۆراوجۆر، تەنانەت فڕۆکەی جەنگی هێرشێکی فراوانی کردە سەر پێشمەرگەکانی پارتی، کە لەبەری مەرگە و جافایەتی خەریکی خۆڕێکخستنەوەبون. هەرچەندە ئەوکات سەرەتای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان بوو چەند پێشمەرگەیەکی کەم بە بەرپرسیارەتیی دکتۆر کەمال کەرکوکی لە ناوچەکە بوون، بەڵام ترسی ڕژێم لەئیرادەی پۆڵاینی پێشمەرگە و هەستی نیشتیمانپەروەریی خەڵکی ناوچەکە وای لەڕژێم کرد، جووڵە بەهێزێکی زۆری سوپا بکات.

هەنگاوەکەی ڕژێم و جووڵە پێکردنی هێزەکەی بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس بوو بۆ خەڵکی دەڤەرەکە و ئەو چەند پێشمەرگەیەی لەوێ بوون؛ بەڵام ئەوەی ڕژێم تەوەقوعی نەدەکرد ڕووبەڕووی بۆوە. خەڵکی خۆڕاگری دەڤەرەکە بەگشتی و قەرەمانیەتیی پێشمەرگە و ڕۆڵە بە ئەمەگەکانی گوندی شارستێن، گورزێکی هێندە گەورەیان لە سوپای ڕژێم دا کە هەرگیز بیریان لەو خۆڕاگریی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان نەکردبووەوە.

لەو ڕۆژەوە ئەو داستانە بوو بە داستانی شارستێن و بۆ هەمیشە وەک مەدالیای شانازی بەبەرۆکی تێکۆشەرانی دەڤەرەکە و گوندی شارستێن و کێلی گۆڕی شەهیدە سەربەرزەکانی ئەو داستان و نەبەردییە دەمێنێتەوە. بەداخەوە لە تۆمارکردنی ئەو داستانە مەزنەدا، پۆلێک تێکۆشەری گەلەکەمان بوونە سەرقافڵە و ڕەمزی گیانفیدایی و خوێنی گەشیان تێکەڵ و ئاوێتەی خاکی پیرۆزی کوردستان بوو.

هەزاران سڵاو و درود بۆ گیانی بەرزەفڕی شەهیدانی داستانی شارستێن و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لە یاد.

 بژی کورد بژی کوردستان.

لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان

26/12/2025

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.