Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 23:06

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەولێر ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

بە بۆنەی پشووەکانی سەری ساڵەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەولێر داوا لە هاووڵاتییان و گرووپە شاخەوانییەکان دەکات، بۆ سەلامەتییان نزیکی ناوچە مەترسیدارەکان و کێڵگە مینڕێژکراوەکان نەکەونەوە. 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە هەولێر، بە بۆنەی ڕاگەیاندنی پشووەکانی سەری ساڵەوە، پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد.

لە پەیامەکەدا هاتووە: "بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە کە هاووڵاتییانمان بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان دەکەن و لەبەر ئەوەی بەفر لە زۆربەی چیاکان داباریوە، داوا لە هاووڵاتییان و گرووپە شاخەوانییەکان دەکەین لە کاتی گەشت و خۆشیی گەشتی شاخەوانیدا، نزیکی ناوچە مەترسیدارەکان و کێڵگە مینڕێژکراوەکان نەکەونەوە و خۆیان و کەسوکاریان بپارێزن".

هەروەها داوایان لە هاووڵاتییان کرد، لەکاتی بوونی مەترسیی (مین و پاشماوەی تەقەمەنیی جەنگی) و بۆ وەرگرتنی ڕێنماییی پێویست، یان بینینی هەر پارچەیەکی تەقەمەنی، بە تایبەتی مین، دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی دەزگای مین، ژمارە (182) بکەن، کە بە بێبەرامبەر و لە 24 کاتژمێردا هێڵەکە کراوەیە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان.

لە کۆتایی پەیامەکەدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین ڕایگەیاندووە، تیمەکانی فریاگوزاری و شارەزایانی بواری هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی ئامادەکراون بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان لە کاتی پێویستدا.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.