لە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات (هەسەدە) و گرووپە چەكدارەكان سەر بە وەزارەتی بەرگریی حكوومەتی سووریا لە شاری حەلەب دەستی پێ كردووە و بەهۆیەوە كوژراو و بریندار كەوتۆتەوە.
شەڕ و پێكدادانەكان تا ئێستا لە هەر دوو گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب بەردەوامی هەیە و هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا بە چەكی سووك و قورس دژی یەكتر شەڕ دەكەن و بە تۆپیش بۆردومانی یەكتر دەكەن.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات (هەسەدە) سەرەتا شەڕەكە لە بازگەیەكی هاوبەشی نێوان هەردوولا سەری هەڵداوە، گرووپە چەكدارەكان سەر بە وەزارەتی بەرگریی حكوومەتی سووریا هێرشیان كردۆتە سەر بازگەكە لە گۆڕەپانی دواری شەیحان لەنێو شاری حەلەب، لە ئەنجامی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەكان دوو ئەندامی ئاسایش بریندار بوون.
لای خۆشییەوە وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە روونکردنەوەیەکدا هێزەكانی هەسەدە بە هەڵگیرسانی شەڕەكە تۆمەتبار دەكات و رایدەگەیەنێت: هێزەكانی هەسەدە لەناكاو لە بازگەكە كشاونەتەوە و تەقەیان لە هەموو ئەو هێزانە كردووە كە لە بازگەكەدا بوونە.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی حەلەب لەبارەی ژمارەی قوربانییەكان رایگەیاندووە: دوو كەس كوژراون و 15 كەسی دیكەش بریندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.