Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 14:11

نەتانیاهۆ هەڕەشە لە ئێران دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە پەیامێكی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی ئێران كرد لەبارەی مانۆڕە سەربازییەكان و دووبارە دەستپێكردنەوەی چالاكییە ئەتۆمییەكانی.

نەتانیاهۆ لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ میدیاكانی ئیسرائیل رایگەیاند: ئیسرائیل باش دەزانێت كە ئێران بەم دواییە دەستی بە مەشق و مانۆڕە سەربازییەكانی كردۆتەوە.

راشیگەیاند: بە دڵنیاییەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا گفتوگۆ لەسەر ئەم مانۆڕە سەربازییانە و هەروەها چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران دەكەین.

نەتانیاهۆ گوتیشی: پەیامی من بۆ ئێران روون و ئاشكرایە، ئەویش ئەوەیە كە هەر كردەیەكی سەربازی دژی ئیسرائیل بە توندترین شێوە وەڵام دەدرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە كە ئاژانسی فەرمی ئیسرائیل بڵاوی كردبووەوە، ئەمڕۆ دووشەممە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و هەواڵگری ئیسرائیل ئەنجامداوە بەر لە دەستپێكردنی گەشتەكەی بۆ ئەمریكا.

دوێنێ یەكشەممەش عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیاكانی وڵاتەكەی رایگەیاندبوو كە بە دووری نازانین دووبارە لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە هێرشیان بكرێتە سەر یاخود كردەوەیەكی دیكەی سەربازی دژی وڵاتەكەیان ئەنجام بدرێت.

جەختیشی كردبووەوە كە لە بەرامبەردا ئێران بەهەموو هێزییەوە ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و پەلامارێك تەنانەت باشتر لە جاران وەڵامی دەبێت.

عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران نەشی شاردبووەوە كە وڵاتەكەی دووبارە هەموو ئەو شوێنانەی نۆژەن كردۆتەوە كە بەهۆی هێرشەكان زیانیان بەركەوتبوو.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.