Erbil 31°C پێنجشەممە 20 ئاب 23:54

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار: لە هەولێر 13000 پارچە زەوی دابەش کرا

100%

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر تیروپشک بۆ قۆناغی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی نیشتەجێبوون بەڕێوەچوو و 13 هەزار پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی ئاب، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاند: لە قۆناغی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی نیشتەجێبوون 13,000 پارچە زەوی لە ناوچەکانی (شاخۆڵان و گردەشێر) تیروپشکیان بۆ کرا کە فەرمانبەرانی هەردوو کەرتی سەربازی و مەدەنی دەگرێتەوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ئاماژەی بەوەش کرد کە لە 7 قۆناغی ڕابردوودا 42,000 پارچە زەوی دابەشکراون، بەوەش کۆی گشتیی ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێستا لە سنووری هەولێر سوودمەند بوون گەیشتووەتە 55,000 فەرمانبەر.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کۆی گشتیی ئەو فەرمانبەرانەی لە سنووری شارەوانیی هەولێر شایستەی وەرگرتنی زەوین و فەرمانیان بۆ دەرچووە 82,000 کەسن بەمەش تەنیا 27,000 فەرمانبەر ماونەتەوە کە بڕیارە لە قۆناغەکانی داهاتوودا زەوییان پێبدرێت.

ساسان عەونی جەختی کردەوە کە فەرمانگەیەکی تایبەتمەند بۆ گۆڕینی کارتی زەوی بۆ سەنەدی تاپۆ تەرخانکراوە، تاوەکو بە زووترین کات سەنەدی زەوییەکان ڕادەستی فەرمانبەران بکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە نەخشەی گەڕەکە نوێیەکان بە شێوازێکی زانستی و مۆدێرن و بە ڕەچاوکردنی بنەما پێشکەوتووەکانی ئەندازیاری دیزاین کراون.

وەزیری شارەوانی دڵنیایی دایە ئەو فەرمانبەرانەی کە نیشتەجێی ناوچەکانی ماددەی 140ـن و ڕایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆسەی دابینکردنی زەوی لە نزیکترین شوێنەکانی خۆیان بۆ ئەوانیش دەستپێدەکات. هاوکات، وەزیر و پارێزگاری هەولێر سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ بڕیاری دابەشکردنی زەوی کە ماوەی چەندین ساڵ بوو پەککەوتبوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.