سەرۆكی رەوتی نیشتمانیی شیعە بڕیاری دا هێزەكانی سەرایا سەلام باڵی چەكداری رەوتەكە لە پارێزگای بەسڕە و شاری كوت سەنتەری پارێزگای واسیت سڕ بكات.
موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی نیشتمانی شیعە ئەمشەو سێشەممە پەیامێكی ئاراستەی تەحسین حەمیداوی بەرپرسی گشتیی سەرایا سەلام كردووە و تێیدا رایگەیاندووە:پێویستە هێزەكانی سەرایا سەلام بۆ ماوەی شەش مانگ سڕ بكەن و سەرجەم بارەگانیشیان لە بەسڕە و كوت دابخەن.
راشیگەیاندووە: ئەم سڕكردنە بۆ رێگریكردنە لە پێشێلكاری و ناوزڕاندنی چەكدارانی سەرایا سەلام تەنانەت ئەگەر لەلایەن لایەنی سێیەمیشەوە ئەنجام بدرێت.
سەرۆكی رەوتی نیشتمانی شیعە لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەشداوە كە ناوبانگی چەكدارانی سەرایا سەلام لای ئەو گرنگترە لە بوونیان.
موقتەدا سەدر پێشتریش فەرمانی بە تەحسین حەمیداوی كردبوو هەموو ئەو فەرماندە و چەكدارانە لە سەرایا سەلام دوور بخاتەوە كە لووتبەرز و دونیاویستن، یاخود گومانیان لەسەرە لە ناوخۆ و دەرەوە پاڵپشتی دەكرێن، یانیش ئەوانەی زیان بە ناو و ناوبانگی رەوتەكەیان و چەكداران دەگەیەنن.
سەرایا سەلام باڵی چەکداری رەوتی نیشتمانیی شیعەیە و درێژکراوەی سوپای مەهدییە کە پێشتر لە سەرەتاوە لەلایەن موقتەدا سەدر دامەزرابوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.