گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناحیەی زەڕایەن ژنێک لە ماڵەکەی خۆیدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
رائید ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، قوربانییەکە لەدایکبووی ساڵی 1992ـە و لەناو ماڵەکەی خۆیدا بە نەوت خۆی سووتاندووە، هەرچەندە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە کۆچی دوایی کردووە.
گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی ڕووداوەکەدا تەنها ژنەکە و دوو منداڵەکەی لە ماڵەوە بوون. دوای گەیشتنی تیمەکانی بەڵگەکانی تاوان و پۆلیسی زەڕایەن، بەپێی بەڵگە سەرەتاییەکان و گوتەی شایەتحاڵەکان، دەرکەوتووە کە ڕووداوەکە "خۆسووتاندن" بووە.
سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە، پۆلیس ڕوونیکردەوە، بەپێی گوتەی هاوسەرەکەی، ناوبراو "نەخۆشیی دەروونی" هەبووە. لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاوی بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.