ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بە مەبەستی دەرخستنی توانای سەربازیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک، مانۆڕێکی سەربازی بە ناونیشانی "مانۆڕی شێر" لە چیای پیرس بەڕێوە چوو.
مانۆڕەکە بە سەرپەرشتیی فەریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک و بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، عەبدولخالق بابیر، بریکاری وەزارەت، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی باڵای وەزارەت بەڕێوە چوو.
ئامانج لەم مانۆڕە، خستنەڕووی پێشکەوتنە سەربازییەکان و توانای ئەفسەران و پێشمەرگەکانی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی بوو، ئەمەش دوای ئەوەی لە چوارچێوەی پلانی مەشقی بەڕێوەبەرایەتیی مەشقی سەربازیی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان، مەشقیان پێ کراوە.
لەو چوارچێوەیەدا، ٩ خولی پێشکەوتوو لە بوارەکانی (تۆپخانەی بنەڕەتی، هاوەن، تانک، زرێپۆش، ئەندازە، پیادە و گەیاندن) و چەندین خولی بنەڕەتی و مامناوەند ئەنجام دراون، کە تێیدا زیاتر لە ٦١١ ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی بەشدارییان تێدا کردووە.
لە بەشێکی دیکەی مانۆڕەکەدا کە لە چیای پیرس ئەنجام درا، چەکی قورس و مامناوەند، تانک و زرێپۆش بەوپەڕی لێهاتوویی و توانای ئەکادیمیی بەرزەوە بەکارهێنران و تاقی کرانەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.